دەمیرتاش بە چوار ساڵ زیندانی حوکمدرا

سەرباری بڕیاره‌كه‌ی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی ده‌میرتاش، ئێوارەی ئەمڕۆ دادگای تورکیا سزاكه‌ی سه‌ر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و سری سوره‌یا ئۆنده‌ری په‌سه‌ند كرد.

ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاویکردەوە، دادگای سزا قورسەکانی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی "پڕوپاگه‌نده‌ كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی" سزای چوار ساڵ و (8) مانگ زیندانی كردنی بەسەر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشوی پارتیی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) سەپاند.

جگە لەوەش هەمان دادگا سزای سێ ساڵ و (6) مانگ زیندانی كردنی بەسەر سری سووره‌یا ئۆنده‌ر، په‌رله‌مانتاری پێشوی (هه‌ده‌په‌) سەپاند و ده‌میرتاش و ئۆنده‌ر-یش تانه‌یان له‌ بڕیاری سزادانه‌كه‌ داوە.

رۆژی (20)ی مانگی رابردو یەکێتی ئەوروپا داوایکرد پەلەبکرێت لە کەیسەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، چونکە هیچ پاساوێک نیـە بۆ هێشتنەوەی لە نێو زینداندا، هەروەها فیدیریکا مۆگرینی. بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردبو.

سەڵاحەدین دەمیرتاشی تەمەن (45) ساڵ لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی (2016)وە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ دەستگیرکراون و تۆمەتبارکراون بەوەی پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن، هەروەها داواکاری گشتی تورکیا داوایکردبو دەمیرتاش (142) ساڵ زیندانی بکرێت و فیگەن یوکسەکداغیش (83) ساڵ.


PM:11:56:04/12/2018