بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زیاتر لە یەک مەتر ئاوەکەیان زیادی کردووە

ئاستی ئاوی دووکان و دەربەندیخان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەریەکە و زیاتر لە مەترێک ئاوەکەی زیادی کردووە.
 حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە ڕووداوی وتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، تەنیا لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان یەك مەتر زیادیكردووە، بەنداوەكە نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا 2 ملیار ‌و 700ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
هەروەها رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وتویەتی، لای ئەوانیش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە مەترێك ئاستی ئاوی بەنداوەكە بەرز بووەتەوە، بەنداوی دەربەندیخان 2ملیار‌ و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا نزیكەی 1ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتییەی بەنداوەكە هەیەتی دەتوانین تەنیا 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دیكە عەمبار بكەین.

بەنداوی دووكان نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش 2 ملیار‌ و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.



AM:09:49:08/12/2018