لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت پارتی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ١٦ ی کانوونی یەکەم مەکتەبی سیاسی پارتی لە هاوینەهەواری سەلاحەدین بە ئامادەبوونی بارزانی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادای لە پارتی یەوە بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گرنگ دەبێت، چونکە دوای کۆبوونەوەکانی پارتی دێت لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پارتی دوای ئەو کۆبوونەوانە بۆی ئاشکرا بووە کە هەر یەک لە یەکێتی و گۆڕان داوای چ پۆستێکی حکومەت و پەرلەمان و لە سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن.

بڕیاریش دوای ئەو کۆبوونەوەیە، جارێکی تر وەفدی مەکتەبی سیاسی پارتی دەستبکاتەوە بە کۆبوونەوەکانی لە سلێمانی لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تر.

تا ئێستا بە دیاریکراوی هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان ئامادەن بەشداری کابینەی نوێ بکەن، نەوەی نوێ و یەکگرتوو و شیوعی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنیان وەرگرتووە، تا ئێستاش پرسی کۆمەڵی ئیسلامی یەکلایی نەبۆتەوە.



AM:09:28:16/12/2018