ئەمەریكا هۆشداری دەداتە سوپای سوریای ئازاد

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆشداری دەداتە سوپای سوریای ئازاد و گروپەكانی دیكەی سوریا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات نەكەن و دەڵێت، "ئەو گروپەی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بكات راستەوخۆ رووبەڕووی سوپاكەمان دەبێتەوە".

بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیامێكی هەڕەشە ئامێزیان ئاڕاستەی ئەو گروپانە كردووە كە لە ژێر ناوی "سوپای سووریای ئازاد و ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرانی سووریا" لە سوریادا چالاكی سەربازی ئەنجامدەدەن و رایگەیاندووە، بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات نەكەن.

لە پەیامەكەی واشنتۆندا بۆ گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا هاتووە، "بەشداری سوپای سووریای ئازاد یان ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرانی سووریا لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بە مانای رووبەڕبوونەوەی ئەمەریكا یان ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە شێوەیەكی راستەوخۆ دێت".

بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژەیان بەوەشكردووە، "ھێزەكانی ئەمەریكا و ھێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، تێكەڵی یەكتر بوون، ھەربۆیەش نابێت ھێزەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانان بكرێنە ئامانج و ھێرش بكرێتە سەر ھێزەكانی سووریای دیموكرات". 

ئەو پەیامەی توندەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت كە، هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، ئامادەكارییەكانیان بۆ هێرشكردنە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات تەواوبووە و  لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەكەن، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" دایە.

بەڵام دوای ئەو لێدوانانە شان ڕۆبەرتسن، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەڵامی هەڕەشەكانی دایەوە سەبارەت بە هێرشكردنە سەر هێزە كوردیـیەكانی سوریا و رایگەیاند، "هەر كردارێكی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە".

هەروەها راشیگەیاند، "هەر كردارێكی سەربازی تاكلایەنە لە لایەن هەر چ لایەنێكەوە ئەنجام بدرێت لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی كە ڕەنگە سەربازانی ئەمەریكایی لێبن یان لەو نزیكانە بن، جێی نیگەرانی زۆرە، بۆیە هەر كردارێكی لەو جۆرە جێی قبوڵ نیـیە".



PM:01:52:16/12/2018