تورکمانەکان: یەکێک لەم دوو پۆستەمان دەوێت

لایەنە تورکمانییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتوون لە پارتی چاکسازی تورکمان، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بەرەی تورکمانی و لیستی میللەت کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بەیەک پاکێج بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە هەموو لایەنە تورکمانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بەیەک پاکێج بەشداری لە حکوومەتدا بکەن و ئاشکرایشی دەکات کە داواکارییەکانیان لە حەوت خاڵ پێکدێت و لەناو لایەنە تورکمانەکانیش پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بە مافی بەرەی تورکمانی دەزانێت و رایدەگەیەنیت کە بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتی زۆرینەی تورکمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

دەشڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک بە شێوەیەکی فەرمیی نەکراوە، پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانییەتییەک دروست بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە بەشداری پێکهاتەی مەسیحی و تورکمانەکان، رەنگە هەفتەی داهاتوو پارتی سەردانی ئێمەش بکات و بڕیارمانداوە بەشداری حکوومەت بکەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە داواکارییەکانیان ڕایگەیاند "داواکارین کە تورکمانەکان لە پۆستە سیادییەکان بەشداربن و ئێمە داواکارین کە یەک لە جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران و پەرلەمان بدرێت بە تورکمانەکان، هەروەها وەزارەتێکی خزمەتگوزاری، دانانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری تورکمان، پێدانی راوێژکار لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت، پێدانی چەند قایمقام و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و بریکاری وەزیر و راگری کۆلێژ و لە پۆستە دیپلۆماسییەکان و نوێنەرایەتییەکاندا پشکی تورکمان بدرێت".


PM:09:46:16/12/2018