پارتی: یەکێتی دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی دەتوانێت بەشداری لە حکوومەتدا نەکات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

 عارف ڕوشدی، ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە دەنگی ئەمریکای وتوە، ھێشتا کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کۆتاییان نەھاتووە و یەکلاییکەرەوە نین، بەڵام پارتی ئێستا بەرچاوڕوونییەکی ھەیە لەداخوازیی ئەو لایەنانە، پارتی و یەکێتی و گۆڕان ”دەبێت" وەڵامی یەکتر بدەنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی لەم کۆبوونەوانەدا خراونەتە ڕوو.

 ڕاشیگەیاند بۆ پارتی گرنگە کە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون، دواتر باس لە پۆستەکان بکەن، چونکە بەرنامەی کاری حکوومەت گرنگە و خەڵکی دەنگیان داوە تا حکوومەتێکی خزمەتگوزار هەبێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت وەکوو پارتی چەند پرەنسیپێکیان هەیە کە یەکەمجار لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون و دواتر ”هەموو لایەنەکان بە ھاوسەنگی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".

 
عارف ڕوشدی ڕاشیگەیاند هەر حزبێک بەپێی ئەو ڕێژەی دەنگەی هێناویەتی، داوای پشک لە حکوومەتی داهاتوودا بکات و ”تەنانەت بۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکان ئەوە پێوەرێکی گشتییە، بەڵام هەمیشە پارتی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت". 

 
سەبارەت بەوەی یەکێتیش ببێت بە ئۆپۆزسیۆن ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: ”ئەگەر ئێمە بڕوامان بەدیموکراسی ھەیە، دەبێ ھەرکەس ڕازی بێت بەو بەشەی کە پێی بڕاوە، ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین و دوایی بێین بڵێین دەبێت بەقەد ئەو بەشەی ھێناومانە، دوو بەرامبەرم پێبدرێت".
 

ڕوشدی ڕاشیگەیاند: ”ئەگەر بڕوامان بە دیموکراسی ھەبێت، دەبێ بەپێی ڕێژەی کورسی و دەنگەکان پۆستی حکوومەت دابەش بکرێت، بەڵام پارتی لەبەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەمان ئامادەیە چاوپۆشی لەھەندێک شت بکات، واتە شتێک زیاد و کەم بکات کێشەی نابێت، ھەر شتێک پێویست بوو لای پارتی کێشەیەک نابێت، ھەر شتێک پێویست بوو بۆ ھەر لایەنێک بوو پارتی ئامادەیە بیکات لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام پێویستە لایەنەکان شتێک بزانن، بەشداریی ڕاستەقینە لای ئێمە مانای جیاوازە، دەبێت تەواو پابەند بن بەبەرنامەی حکوومەت، ناکرێت قاچێکیان لە حکوومەت بێت و قاچێکیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، ناکرێت لە نیوەی ڕێگا حکوومەت بەجێ بھێڵن، دەبێت خەمخۆرێکی بێ سنور بن بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵکی کوردستانی ھەیە".



PM:08:50:20/12/2018