جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هیچ بڕیارێکی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتدا نەدا

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هیچ بڕیارێکی نەدا بۆ بەشداریکردن، یان بەشدارینەکردن لە کابینەی نوێدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەرزترین دەسەلآتی هەیە لە گۆڕاندا، هیچ بڕیارێکی نەدا بۆ بەشداریکردن، یان نە کردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کە لەلایەن پارتی یەوە سەرکردایەتی دەکرێت.

سپی زانیوویەتی کۆبوونەوەکە بەو ئاراستەیە رۆشتووە کە هێشتا زووە بڕیار لەسەر بەشداریکردن بدرێت.

هەروەها کۆبوونەوەکە بڕیاری داوە، پاش گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی تر، بۆ بەشداریکردن، یان بەشدارینەکردن، جارێکی تر جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە دوا بڕیار دەدات.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٢٢ ی کانوونی یەکەمی جڤاتی نیشتمانی، دوای کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی دێت کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو سازکرا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان تایبەت بوو بەبڕیاردان بۆ بەشداریکردن، یان بەشداری نەکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی دوای دوو کۆبوونەوە کە وەفدی پارتی لەهەولێر و سلێمانی لەگەڵ گۆڕاندا سازیکرد لە دوو هەفتەی پێشوودا. 



PM:06:00:22/12/2018