ململانێی هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاری لە كێشەی پەكەكەدا توندتر دەبێتەوە

 ململانێی هەردوو دەزگای پاراستن كە مەسرور بارزانی و دەزگای زانیاری كە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات لە كێشەی پەكەكەدا توندتر دەبێتەوە و لەرێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانیانەوە هەڵمەتیان دژی یەكتر فراوانكردووە.

ململانێكە كە لە ڕێگەی هەردوو ماڵپەڕی "باس"ی سەر بە مەسرور بارزانی و ماڵپەری "میللەت"ی سەر بە لاهور شێخ جەنگی توندتر بۆتەوە هەواڵی دژیەك لەسەر هەرلایەك بڵاودەكەنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەری "باس"ی سەر بە مەسرور بارزانی لە چەند هەواڵێكدا بڵاویكردۆتەوە كە "شاندێك لە سەركردەكانی پەكەكە گەیشتوونەتە شاری سلێمانی و چاوەڕێ دەكرێت بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ ڕژێمی سووریا، لە سلێمانییەوە ڕاستەوخۆ بچنە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە و گفتوگۆ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هێرشی توركیا بكەن".

هەر لە هەواڵێكی دیكەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە كە بەرهەم ساڵح نێوەندگیری لە نێوان پەكەكە و پەیەدە لە لایەك و حكومەتی سوریا لە لایەكی دیكە دەكات، ئەم ئاڕاستەیەش وا لێكدەدرێتەوە كە هەوڵێكە بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندیەی كە یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ توركیا چاكی بكاتەوە.

لە بەرامبەردا ماڵپەری "میللەت"ی سەر بە لاهور شێخ جەنگی لە هەواڵێكدا بڵاویكردۆتەوە كە بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی‌ لە ئێستادا "مەسرور بارزانی تیمێكی سیخوڕی كردنی لە (١٢) كەس پێكهێناوە كە سەر بە پاراستنی گشتین و لەلایەن سەركردایەتی میتی توركیا لە هەولێرەوە سەرپەرەشتی دەكرێن.، ئەم تیمە چوار مەفرەزە‌ی جیاوازی سیخوڕی كردن و كۆكردنەوەی زانیارییان پێكهێناوە لەو‌ گوندنیشنانەی كە دەستیان بە ئەندامان و‌ بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەگات". 

لە هەواڵەكەدا ئەوەش هاتووە "ئەم مەفرەزانەی سەر بە پاراستن و هەواڵگری سەربازیی و دەزگای میتی توركیان و لەلایەن ئەوانەوە بە ئامێری تایبەتی سەربازی و تەكنەلۆژیای سیخوڕی كردن و فرۆكەی بێ فرۆكەوان هاوكاری و پشتیوانی و رێنمایی دەكرێن".

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە "میتی توركیا جیا لەو دەیان ملیۆن دۆلارەی كە بڕیارە ئەمەریكا پێیان بدات، بەڵێنی پاداشتی دوو هێندەیان داوە بە مەسروری مەسعود كە ئەگەر بتوانێت سەری سەركردەكانی پەكەكەیان بۆ ببات".
 




PM:02:16:23/12/2018