سائیرون ڕێگە نادات فەیاز ببێتە وەزیری ناوخۆ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سائیرون رایگەیاند کە فراکسیۆنەکەی رێگەنادات فالح فەیاز ببێتە وەزیری ناوخۆ.

جەمال فاخر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیرون رایگەیاند کە هاوپەیمانی بونیاد داوایەکی داوەتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگیش لەسەر فالح فەیاز بدرێت وەک کاندیدی وەزیری ناوخۆ.

وتیشی "ئێمە لە سائیرون دژی ئەوەین دەنگ بە هیچ کاندیدێکی حزبی بدرێت، مەرج و رێککەوتنیشمان لەسەر ئەوە بووە کە کاندیدەکان حزبی نەبن".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و بە بەشداری 251 پەرلەمانتار کۆبوەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی پشێوییەوە لەناو پەرلەماندا لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان، دانیشتنەکە تا کاتێکی نادیار دواخرا.


PM:04:42:24/12/2018