ساڵح موسلیم: هیچ هێزێکی سوپای سوریا نەهاتووەتە ناو مەنبەج

ئەندامێکی كۆمیته‌ی دیپلۆماسیی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیک(په‌یه‌ده‌) رەتیدەکاتەوە هیچ هێزێکی حکومەتی سوریا چوبێتە ناو شاری منبجەوە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی كۆمیته‌ی دیپلۆماسیی پەیەدە ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی چوونی هێزەکانی سوپای سوریا و هەڵکردنی ئاڵای سوریا لەسەر دامودەزگاکانی منبجەوە ڕاست نین و هیچ هێزێکی سوپای سوریا نەهاتووەتە ناو شارەکەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، کە لە داهاتوودا شارەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە هیچ هێزێکی سوپای سوریا ناچێتە ناو شارەکە.

سالح موسلیم وتیشی، بەپێی ڕێککەوتنێکی سەربازی سنوری شاری منبج بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەبرێت و پاراستنی ناوەندی شارەکەش لە ئێستادا تەنها لە دەست ئاسایش و ئەنجوومەنی منبجدایە.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بۆ "ئێن ئاڕ تی" وتی، لە ئێستادا ئەوان هیچ چاوەڕوانییەک لە ئەمریکا ناکەن و پشت بەخۆیان دەبەستن.

بەیانی ئەمڕۆ فەرماندەى گشتى یەکینەکانى پاراستنى گەل "یەپەگە" کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ڕاگەیاند و داواى لە سوپای سوریا کرد ئەرکى پاراستنى سنورى منبج لە بەرامبەر حکومەتى تورکیا بەجێبهێنێت.

دواتر فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوریا بە ئاژانسی سانای حکومەتی سوریای ڕاگەیاند، لەبەرامبەر داواکاری دانیشتوانی منبج پاراستنیان لە "شەڕی تیرۆر" ئەمڕۆ سوپای سوریا چوونەتە ناو منبجەوە ئاڵای وڵاتەکەیان لە بەشێک لە دامودەزگاکان هەڵکردووە.


PM:03:34:28/12/2018