پشکی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرادەکرێت

حکوومەتی عێراق سێ بژارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەخاتەروو و "سپی" ناوەڕۆکی سیناریۆکان ئاشکرادەکات

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەغداوە دەست "سپی" کەوتووە حکوومەتی عێراق سێ بژارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان خستۆتەڕوو کە بەم جۆرەیە: 

سیناریۆی یەکەم:
14%ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێراق تەرخان دەکرێت کە بڕەکەی دەکاتە 11 ترلیۆن و 590 ملیار دینار.

سیناریۆی دووەم:
17%ـەی بودجەی عێراق دەدرێتە هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی هەولێر هەموو نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات.

سیناریۆی سێیەم: 
12.67%ـه‌ی بودجەی عێراق دەدرێتە هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ ناردنی 317 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و کوردستانیش لە فرۆشتنی نەوتی خۆی ئازاد بێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیاریەکان ئەو بڕە پارەیەی لەئێستادا حكومەتی عیراق مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە دەكات، لە 317 ملیار دینارەوە بۆ نزیكەی 450 ملیار دینار زیاد كراوە.

چاودێران پێیان وایە لە ئەگەری زیادکردنی پشکی هەرێم لە بودجە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانیش لادەبرێت.



PM:03:52:30/12/2018