بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی دەستی لەکارکێشایەوە


بەرپرسی دیاری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و راگەیەندنكاری ناسراوی ئەو حزبە، جەمال پوور کەریم دەستی لەكاركێشایەوە.

لە راگەیاندراوێکدا جەمال پوور دەڵێت "باوەڕم بە سەربەخۆیی نەتەوەكەم و هەنگاو نان بۆ دروست بوونی كیانێكی سەربەخۆ لە كوردستانی داگیر كراو لە لایەن ئێرانەوە هەیە”.

ناوبراو پێیوایە فیدرالیزم و مۆدێلەكانی لەم چەشنە ناتوانن وەڵامدەری ویست و داخوازیی نەتەوەكەم بۆ ڕزگاری لە ژێر دەستەیی بن.

راشیدەگەیەنێت "پاش دەربڕینی هەڵوێستەكانم لە پێوەندی بە سەربەخۆیی كوردستانی ڕۆژهەڵات، كۆمەڵێك حیزبی پان ئێرانی و بەشێك لەو لایەنانەی خواستی فیدڕالیان بۆ ئێران هەیە، فشاریان خستۆتە سەر حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هەر بۆیە لە بەر ئەوەی نامهەوێ كێشە و لەمپەر بم لە بەردەم سیاسەتەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، واز لە ئەندامیەتی لەو حیزبە دێنم و وەك كەسێكی سەربەخۆ درێژە بە كار و چالاكییەكانم دەدەم”.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەیەکێک لە حیزبە مێژوویەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەژمار دەکرێت و وەک هێزێکی ئۆپزسیۆنی سیاسی و سەربازی دەیان ساڵە خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکات.



AM:11:56:31/12/2018