شاسوار عەبدولواحید داوای پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دەکات

لە ساڵیادی دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیە داوای پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن فراوان دەکات لە نێوان هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات. 

لە میانی بەڕێوەچوونی ساڵیادی دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردەوە" پارتی و یەکێتی دەیانەوێت دۆخی کوردستان بەم شێوازە نەخوازراوە بمێنێتەوە، داواشی  لە لایەنەکەی دەرەوەی دەسەڵات کرد، بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروست بکەن.
سەرۆکی نەوەی نوێ وتیشی" لە رابردوودا ئەو هێزانەی دروستبوون لەئەنجامی ناکۆکی سیاسییەوە دروستبوون، دووپاتیشیکردەوە، نەوەی نوێ تاکە هێزی سیاسییە کە بەڵێنی موچەبڕینەوەی بە خەڵک نەداوە، بەڵکو پڕۆژەیان هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و کشتوکاڵ".

سەبارەت بە حیزبەکەی ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "نەوەی نوێ تاکە هێزی سیاسییە کە توانیویەتی پلانێکی ستراتیژیی و تۆکمەی هەبێت بۆ داهاتوو".

هەر لە میانی بەڕێوەچوونی ساڵیادی دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رابون مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە رایگەیاند، وەکو یەکەم هێزی سیاسی نوێ بە ئەجێندایەکی نوێ چوونەتە بەغدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەکڕیزیی سیاسیی درۆینەی پارتی و یەکێتی لە بەغدا رەتکردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشین چونکە ئەو دوو حزبە بەشێکن لە کێشەکان.

ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەکی نەوەی نوێ لە سلێمانی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دروستنبوونی ئەو جوڵانەوەیەدا مەراسیمی تایبەت رێکخرا. 



PM:05:43:05/01/2019