ئەبوبەر هەڵەدنی: پێکهێنانی حکومەت زیاتر درێژە دەکێشێت

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو درێژە بكێشێت.

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ئەنادۆڵی وتووە"بەداخەوە لە خوولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە فراكسیۆنەكان پەنا بۆ ئەم نەریتە دەبەن بە هێشتنەوەی كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی تاوەكو ئەو كاتەی لایەنە سیاسییەكان لە دانوستانەكاندا دەگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكانی پەرلەمان و حكوومەت، ئێمە هیچ ماددەیەكی یاساییمان لەهیچ یەك لە یاسا بەركارەكانی هەرێم و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا نیيە كە وادەیەكی دەستنیشان كردبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت و رێوشوێنەكانی تر".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکگرتوو وتوشیەتی:"بەم هۆیەوە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان چاوەڕوانی مەرحەمەتی لایەنە سیاسییەكان دەكەن كە بگەنە رێككەوتن، ئەوكات كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە".

سەبارەت بە دواکەوتنی پەرلەمان ڕاشیگەیاند لە خوولی پێشووی پەرلەمان چەند رێگایەكمان گرتەبەر لە سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان و مانگرتنی پەرلەمانتاران و گوشاركردن لە حزبەكان، بەڵام بە ئەزموونی ئێمە لە خوولی پێشوو ئەم رێكارانە ئاكامێكی وای نەبوو، ئەوەی ئێستا كە پڕۆسەكەی قورستركردووە بابەتی ناكۆكی نێوان ئەو لایەنانەیە كە دەیانەوێت بەشداری حكوومەت بن ".

ڕوونیشیکردەوە کە پەرلەمان زیاتر دوادەکەوێت و دەڵێت "بەداخەوە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری سەرەكی كردووەتە سەر دواخستنی دانوستانەكان و پێكنەهێنانی حكوومەت و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئێستاش كێشەكانی نێوانیان لەسەر ئاستی عێراق و پارێزگای كەركووك و ناوخۆی هەرێمی كوردستان وایكردووە سستییەك لە رەوتی دانوستانەكان دروست ببێت كە ئێستا بیر لە رێگاچارەی تر دەكەنەوە لە راكێشانی كارتی دوو ئیدارەیی و ئۆپۆزسیۆنبوون لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئەمەش كاریگەری كردووە".

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو وتیشی "تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر زۆربەی بابەتەكانی نێوانیان جیاوازە و، ئێستا چەندین تەنگژەی سیاسی لەنێوانیان دروست بووە، كە ئەوەش وا دەكات پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو درێژە بكێشێت".

نزیكەی 100 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕ دەبێت، خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی رابردوو، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و، پەرلەمانتارانی خولی نوێ‌ سوێندی یاساییان خوارد، سەرۆكی كاتی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی بە كراوەیی هێشتەوە تا ئەو كاتەی حزبه‌كان دەگەنە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی پۆستەكان و پێكهێنانی حكوومەت لەنێو خۆیاندا.



PM:05:52:07/01/2019