پۆمپیۆ: توركیا بەڵێنی داوە هێرش نەكاتە سەر هێزە كوردیەكان

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، توركیا بەڵێنی بە وڵاتەكەی داوە هێرشنەكاتە سەر هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن بی سی، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، "بڕیاری كشانەوەی هێزەكانمان لە سوریا گۆڕانكاری لە ئەركەكانمان بۆ لەناوبردنی چەكدارانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ستراتیژی ئێران لە ناوچەكە دروست ناكات".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە تا چەند متمانەیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەیە بۆ ئەوەی هێرشنەكەنە سەر هێزە كوردییەكان و ئەو هێزانەی لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی كراون، مایك پۆمپیۆ رایگەیاندووە، "ئەردۆغان بەڵێنی بە سەرۆك ترەمپ داوە، توركەكان بەردەوام بن لە شەڕی دژ بە داعش دوای كشانەوەی ئێمە لە سوریا و دڵنیایان كردووینەوە لەوەی كە ئەو هێزانەی یارمەتی ئیمەیان داوە لە شەڕی دژ بە داعش، پارێزراو بن".

١٩ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە بڕیارێكی فەرمی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا رایگەیاند و بڕیارەكەش كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە.



AM:10:08:08/01/2019