هۆشیار عەبدوڵا: ئەگەر هەرێم نەوت نەنێرێت بەغدا 317 ملیارەکەش دەبڕێت

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند گەر هەرم نەوت نەداتە حکومەتی عێراق ئەوا موجازەفەیەکی گەورەیە و ئەگەری ئەوە زۆرە ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی کە بەغدا دەینێرێت ئەمساڵ ببڕێت.

هۆشیار عەبدوڵا لە میانی نوسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتی "ئەمرۆ سێشەممە ، لیژنەی دارایی دەستیکرد بە دانانی پلان بۆ ئامادەکردنیی پڕۆژەی موازەنەی ساڵی ۲٠۱۹ بۆ دەنگدان وپەسەندکردن ، بە زۆر پێوەر لانیکەم پێویستمان بە دو هەفتە دەبێت بۆ ئەوەی پرۆژەکە ئامادە بکەین بۆ دەنگدان".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەگەر هەرێم رۆژانە بری دوسەدوپەنجا هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێ ، موچەی فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە ، خۆ ئەگەر هەرێم نەوتەکە لە رێگەی سۆمۆوە نەفرۆشێ و پێی وابێت بەغداد بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی بڕی ۳۱۷ ملیار یا بە گوێرەی موازنەی ئەمساڵ زیاتر لەوە و لەسەروی ٤٠٠ ملیار ئەوە موجازەفە و یاریکردنێکی گەورەیە بە موچە و ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمەوە چونکە لە ئێستاوە دەنگ بەرزبۆتەوە لەوەی ئەگەر هەرێم نەوت نەنێرێ پارە نیە و نابێت".

ڕوونیشی کردووەتەوە "ڕیژەی هەریم،پشکی پێشمەرگە،شایستەی جوتیاران، پشکی هەرێم لە قەرزەکان( ئەگەر قەرزەکان بەشێکیان رانەگیرێن)پشکی هەرێم لە یەدەگی کتوپڕ هەمو ئەوانە دەبنە تەوەری داکۆکیەکانی ئێمە ،بەڵام هەمو ئەوانەش وابەستەن بە نەوتی هەرێمەوە، ئەگەر هەرێم ئیلتیزام نەکات موازەنە خاڵی دەبێتەوە لەو مافانەی ئێمە بۆیان هەوڵ ئەدەین ".

هاوکات هەر ئەمڕۆ ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی قسەکانی هۆشیار عەبدوڵاوە ڕایگەیاند لەم ساڵدا ئەگەر هەرێم نەوتیش نەنێرێت ئەوا بڕی ٣١٧ ملیار دینارەکە زیاد دەکات و ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان هەرێم و بەغدا کراوە.



PM:07:38:08/01/2019