وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێم دەكات

بڕیارە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، سەردانی سلێمانی و هەولێریش بكات.

كونسوڵخانەی ئێران لە بەغدا ئەجێندای سەردانەكەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ عێراق بڵاوكردەوە كە بڕیارە كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە یاوەری زیاتر لە 30 كەسایەتی سیاسی و ئابووری بگاتە بەغدا.

زەریف پاش گەیشتنی بە بەغدا، لەگەڵ محەمەد حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق كۆدەبێتەوە و رۆژی دووشەممەش دیدار لەگەڵ هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دەدات.

پاشان بەشداری كۆڕبەندێكی ئابووری دەكات كە بەبەشداری بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراق و ئێران لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و ئێوارەی هەمان رۆژ وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات.

بڕیارە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممەش، زەریف سەردانی هەولێر بكات و وێڕای چەند كۆبوونەوەیەكی سیاسیی، بەشداریش لە دووەم كۆڕبەندی ئابووری بازرگانانی كوردستان و ئێراندا دەكات.

دواتریش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێكی سیاسیی، سەردانی شاری سلێمانی دەكات.

بەپێی ئەجێندای سەردانەكە، محەمەد جەواد زەریف دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی بۆ كوردستان دەچێتە كەربەلا و نەجەف و رۆژی پێنجشەممەش كۆتایی بەسەردانەكەی بۆ عێراق دەهێنێت.



PM:12:25:13/01/2019