یەكێتی و پارتی: جەختمان لە تەبایی نێوانمان كردەوە

كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆتاییهات و هەردوولا جەخت لە تەبایی نێوانیان دەكەنەوە.

لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پاش كۆبوونەوەكە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی رایگەیاند " هەردوولا جەختمان  لە تەبایی نێوانمان و لەوە كردەوە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێت و لیژنەیەكیشمان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە".

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "لیژنەیەكیش پێكهێنرا بەمەبەستی دروستكردنی لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان یەكێتی و پارتی، تا ئەوەی بگاتە چوارچێوەی رێكەوتنێك تایبەت بە حوكمڕانی لەهەرێم بە بەشداری لایەنەكان".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا سەعدی پیرە، ووتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی "گرنگە لەگەڵ پارتی بەرنامەیەكمان بۆ كاری هاوبەش هەبێت و پرسی پارێزگاری كەركوك و پرسەكانیتر پێكەوە چارەسەر بكەن".

وتیشی "لە ئێستادا هیچ پارێزگایەكی عێراق ئەوەندەی كەركوك حەشد و سەربازی لێنیە، دەبێت لەگەڵ بەغدا ئەو پرسە یەكلایی بكەینەوە".



PM:03:01:14/01/2019