وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە هەرێم دەكات پارەی كۆمپانیا بیانیەكان بدەن

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نایانەوێت سزاكان كاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێم هەبێت و داواش داوا لە هەرێم دەكات پارەی كۆمپانیا بیانیەكان بدەن

لەمیانەی بەشداریبكردنی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بازرگانانی هەرێم و ئێران لە هەولێر محەمەد جەواد زەریف ڕایگەیاند، خۆشحاڵن بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هیواشی خواست بە زوترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هیوادارن كێشەی پێدانی پارە بەو كۆمپانیا ئێرانییانەی لەهەرێم كاردەكەن چارەسەربكرێت.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پەیوەندییەكی مێژویی و سنورێكی درێژیان لەگەڵ ئێران هەیە و هەوڵ دەدەن باشتریش بێت لەوەی ئێستا.

نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد: خەریكە ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێنین، بە دڵنیاییەوە قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات كە قۆناغێك دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەم ساڵانەدا ماونەتەوە و نەمانتوانیوە چارەسەری بكەین. من بەڵێنم بە وەزیری دەرەوەی ئێران داوە كە دابنیشین و چارەسەری كێشەكان بكەین.

 نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، هەوڵ دەدەن كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەربكەن و لە ئێستاشدا وەزیری پلاندانانی هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەكردنی كێشەی گومرگ و خاڵە سنورییەكان.

جەختیشی لەوە كردەوە كە "رۆژە سەختەكان تێپەڕین و زۆر بە خۆشبینییەوە سەیری ئایندە دەكەین".





PM:12:03:15/01/2019