قائیمقامی سلێمانی لیژنەی فریاگوزاری خستە ئینزارەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردنی لە رووداوی نەخوازراو بەهۆی بەفربارینەوە دەكات و قایمقامی شارەكەش داوا لە هاوڵاتیان دەكات، لەكاتی چوونیان بۆ ناوچە شاخاوییەكان، رێوشوێنەكانی سەلامەتی بگرنەبەرو پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆش ببن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی له‌ لێدوانێكیدا بۆده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان رایگەیاند: بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە روداوەكان بەهاوبەشی لەگەڵ لیژنەی فریاگوزاری قائیمقامیەت بەردەوام لەناو فەرمانگەكەمان ئامادەبونمان دەبێت و سەرجەم تیمەكان كە لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی رێگەوبان و شارەوانی و بەرگری شارستانی و هاتوچۆ و تەندروستی پێكهاتوون بڵاوەیان پێكراوە بۆ بەرگرتن لەهەر روداوێكی نەخوازراو و بەهاناوەچونی ئەوكەسانەی توشی روداوی نەخوازراو دەبنەوە بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا.

قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌،لە كاتی بەفربارین و بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش هاووڵاتیان رودەكەنە ناوچە شاخاوی و گەشتیاریەكان كە زۆر جار روبەڕوی گرفت دەبنەوە بۆیە ناچار بە تیمێكی زۆر و ماندبونێكی زیاتر كار بۆ رزگاركردنیان دەكرێت.

  ئاوات محەمەد داواكارییەكی ئاڕاستەی هاووڵاتیانكردووە بەوەی، خۆیان لەناوچە مەترسییدارەكان بپارێزن تا ئەو كاتەی كەشوهەوا لە بار دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەبەیانی ئەمڕۆوە ١٧ی کانوونی دووەم لەناو شاری سلێمانی بەفر دەبارێت و لەدەرەوەی شاریش بەفرێی زۆر باریووە.



PM:04:22:17/01/2019