ژنێکی کورد چیرۆکی خیانەتکردنەکەی دەگێڕێتەوە

ژنێکی کورد دوای ئەوەی زانی مێردەکەی ناپاکیی بەرانبەر دەکات وئەویش پەیوەندی لەگەڵ پورزاکەی بەست و بە هۆیەوە سێ ساڵ زیندانیی کرا.

ڕۆژنامەی وشە بڵاویکردووەتەوە "سێ ساڵ دوای ئەوەی سۆزە لە زیندان ڕزگاری بوو، ئێستە هەوڵ دەدات کچەکەی لە مێردەکەی بسەنێتەوە، بەڵام یاسا ڕێگەی پێ نادات، سۆزەش دەڵێ: هەتا منداڵەکەم وەرنەگرمەوە کۆڵ نادەم و ناوەستم."

ئەو ڕۆژنامەیە نوسیویەتی "سۆزە لە داخی پێوەندییە دەرەکییەکانی مێردەکەی لەگەڵ کچان و ژنانی تر، بڕیاری داوە تۆڵەی لێ بکاتەوە، هەر بۆیە پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە نزیکترین هاوڕێ و پورزای مێردەکەی بەستووە، کە کوڕێک بووە بە ناوی میران، بەڵام پێوەندییەکەیان ئاشکرا بووە و بە هۆیەوە سۆزە سێ ساڵ زیندانیی کراوە و منداڵەکەیشی لێ سەندراوەتەوە".


غازی حەمید پارێزەر ڕایگەیاندووە لەبەر ئەوەی ئەو ژنە بە ماددەی 377 گیراوە، بە هیچ جۆرێک مافی وەرگرتنەوەی نییە، چونکە دادگە بە مەرجەکانی "کەسی ئاقڵ لە ڕووی دەروونییەوە، سەرووی تەمەنی 18 ساڵ و کەسێکی پاک و ڕاستگۆ" منداڵ بە دایک دەداتەوە، بەڵام بە پێی یاسا سۆزە مەرجی سێیەمی نییە، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت منداڵەکەی وەرگرێتەوە، مەگەر بە ڕێککەوتنی عەشایەریی.

ئەو ژنە دەڵێت من ناوم سۆزەیە و تەمەنم 27 ساڵە و هاوسەرگیریم کردووە، دوای ئەوەی بوومە خاوەنی کچێک، وردە وردە مێردەکەم لەبەرچاوم گۆڕا، بەردەوام وەک دوژمنێک مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، تەنانەت وام لێ هاتبوو ژنبوونم لەبەرچاو کەوتبوو، چونکە وەک کاڵایەک مامەڵەم لەگەڵ دەکرا و بەوپەڕی بێ منەتییەوە ناپاکیی بەرانبەرم دەکرد.

ئەو ژنە بەردەوام بووە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و دەڵێت "ناپاکییەکانی دلێری مێردم بە ئاشکرا بوون، چونکە هەمیشە وێنەی ئەو کچانەی پشان دەدام کە پێوەندیی لەگەڵیان هەیە و چوونەتە دەرەوە و وێنەیان بە یەکەوە گرتووە، لەبەردەم من دادەنیشت و بە سەعات سەیری وێنەکانیانی دەکرد، من و کچەکەشم هەمیشە تەنیایی بەسەرماندا زاڵ بوو و هەستمان نەدەکرد مێرد یان باوکێک لە ماڵەکەدا هەیە".

ڕوونیشی کردووەتەوە: من لەتاو نەبوونی پیاوێک کە بە هەموو ماناکان پیاوەتیم بەرانبەر بسەلمێنێت، هەروەها بۆ تۆڵەکردنەوە لە دلێر، پێوەندیم لەگەڵ میرانی پورزای دانا، ئەگەرچی ئەوە شتیک نەبوو پلانم بۆی داڕشتبێت، چونکە میران هەمیشە ئاگای لە کێشەکانمان بووە و هاوڕێیەتیمان هەبووە، ئیتر دوای ئەوەی دلێر بە تەواوی ناپیاوی خۆی سەلماندبوو، منیش هەموو هانایەکم بۆ میران برد و پێوەندیی خۆشەویستیش لە نێوانمان دروست بوو.

پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر پێوەندییان بە یەکەوە هەبووە، ڕۆژێک سۆزە و میران لە ماڵی سۆزە بەیەکەوە بوون، لەو کاتەشدا دایکی دلێر هاتووە سەر لە ماڵی کوڕەکەی بدات و ئەو دۆخە ئاشکرا بووە.

ئەو ژنە دەشڵێت ئێستە نزیکەی سێ مانگە سزاکەم تەواو بووە، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا نە توانیومە داوای بینینی کچەکەم بکەم، نە بۆم دەهێننەوە، ئازاری دووری کچەکەم خەریکە دەمکوژێت، بەڵام من دەمەوێت بەسەر خۆمدا زاڵ بم، پشانی بدەم کە ژن٣ مرۆڤە و دەتوانێت تۆڵەی ناپاکیی مێردەکەی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بە چەشتنی ئازارێکی زۆر قوڕسیش بێت.

میران داوای هاوسەرگیری لە سۆزە کردووە، بەڵێنیشی پێی داوە، کە دژی هەموو ئەو کەسانە بوەستێتەوە کە ڕێگری لە هاوسەرگیرییەکەی دەکەن، بەڵام ئەو ژنە جەختەکاتەوە: هەتا کچەکەم بەدەست نەهێنمەوە بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەمەوە.


PM:11:37:17/01/2019