دۆخی لەیلا گیوڤەن مەترسیدارتر دەبێت

لەیلا گیوڤەن، هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) لە  ٧٣هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدایە و تەندروستیشی زۆر تێکچوە.
ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردووەتەوە باری تەندروستیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە، کە بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی  پەکەکە ماوەى 73 رۆژە مانی لە خواردن گرتوە بەرەوخراپبوون دەڕوات.

فورات نیوز  کە بە میدیایەکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت نوسیویەتی شەوی رابردوو پارێزەرانی گیوڤەن چوون بۆ بینینى لەیلا گیوڤەن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامداوە، بەڵام دەڵێن، تای لەیلا گیوڤەن بەرزبوەتەوە و زەختیشی دابەزیوە.

پارێزەرەکانی ڕوونیشیانکردووەتەوە، دڵی گیوڤەن بە توندی لێدەدات، گەدەى خاو دەبێتەوە و سکی هەڵدەگوشرێت و بە ئەستەم دەتوانێت بجوڵێت.

PM:03:51:19/01/2019