ڕەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕەتیدەكاتەوە فەرمانگەكانی باری شارستانی دابخرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانوونی دووەمی 2019، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا ھاتووە "لە بەرواری 17/1/2019دا و لە دوای پرێس كۆنفرانسی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان كە ئاماژە دراوە بە نەمان و داخستنی فەرمانگەكانی باری شارستانی، مەبەست لە داخستن و نەمانی فەرمانگەكانی ناوبراو بە پێی ئەو پلان و پرۆژەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی بەغدا باس كراوە و گۆڕینی ناوی فەرمانگەكانی باری شارستانییە بۆ فەرمانگەی كارتی نیشتمانی".

ڕەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان ھەر لە ڕوونكردنەوەكەدا باسی بەوەش كردووە "ئەو فەرمانگانەی كە تا ئێستا نەكراوە بە فەرمانگەی كارتی نیشتمانی، دەبێت لە سەرجەم قەزا و ناحیەكان بكرێت بە كارتی نیشتمانی، ئەمەش ئێستا پێویستی بە بودجەی تایبەت ھەیە، بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانگەكان بكرێن بە كارتی نیشتمانی".

ئاماژە بەوەش دراوە، كە ئێستا كار بە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی دەكرێت، تا سەرجەم فەرمانگەكانی باری شارستانی دەبێت بە كارتی نیشتمانی.



PM:02:23:20/01/2019