یەكگرتوو و نەوەی نوێ لەسەر هەڵویستی ئۆپۆزسیۆن بونیان وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەڵامی یەكتر دەدەنەوە، نەوەی نوێ رایگەیاند " ئۆپۆزسیۆنبوون بەمانای ئەوە نیە كە لەگەڵ جوت حزبی یەكێتیی و پارتییدا دابنیشیت لە‌پێناو پۆست و پارە یان ھەر مەبەستێكی شەخسیی و حیزبییدا".، یەكگرتووش دەڵێت "بە ‌بەرنامە و پلانی خۆیان لەدەسەڵاتدا بەشدارییان كردووە و ئێستاش بە ئیرادە و بەرنامەی خۆیان ئۆپۆزسیۆنی ئەكەن و سورن لەسەری".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، "ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەكو ھێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بە ھەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە كە لەگەڵ یەكێتیی و پارتیی دانیشتن بكە‌ین، چونكە ئۆپۆزسیۆنبوون بەمانای ئەوە نیە كە لەگەڵ جوت حزبی یەكێتیی و پارتییدا دابنیشیت لە‌پێناو پۆست و پارە یان ھەر مەبەستێكی شەخسیی و حیزبییدا"، وەك ئاماژەیەك بە كۆبوونەوەكەی دوێنێی سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ مەسعود بارزانی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ھەر ھێزێك لەگەڵ یەكێتیی و پارتییدا دابنیشێت، ئە‌وە‌ ئێمە نە بەھاوپەیمانی خۆمانی دەزانین و نە كاری ھاوبەشی لەگەڵدا دەكەین، چونكە ھەر ھێزێك لە بەرەی خەڵكدا بێت پێویستە دووربێت لەو جوت حزب و بنەماڵەیە و ئێمە لە نەوەی نوێ پێمانوایە، چەندە دووربیت لە یەكێتیی و پارتیی، ئە‌وە‌ ھێندە لە خەڵك و ھاوڵاتیانەوە نزیك دەبیت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی لەوەشكردووەتەوە، "هەموو هەوڵێكیان بۆ دروستكردنی بەرەیەكە‌ دژ بە دەسەڵات تا ئەو كاتەی هێزەكانی تر لەگەڵ یەكێتیی و پارتییدا مامەڵە و كۆبونەوە نەكەن و لە حكومەتەكەی جوت حیزبدا بەشدار نەبن، هەر هێزێكی سیاسیی دەرەوەی پارتیی و یەكێتیی ئەم كارانە ئەنجام بدات، ئەوا ئێمە وەك شەریكی راستەقینەی پارتی و یەكێتی تە‌ماشای دەكەین و پێمانوایە ئەم جۆرە رەفتارانەیە كە وایكردوە دەسەڵات بێباك و بێ غەم بێت لە ئاست كێشەی هاوڵاتییان".

لە وەڵامدا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، "ئێمە خاوەنی پرۆژەیەكی سیاسی و فیكری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی خۆمانین و چارەكە سەدەیەكە لەم گۆرەپانە سیاسییە ئاڵۆزەدا گەرما و سەرما و هەوراز و نشێومان تێپەراندووە و بەردەوام سەربەخۆ بووین لە هەڵوێست و بڕیار و هەڵسوكەوتەكانماندا و هەرگیز كەس بە شایەنی سەرمەشق و وەسی بوونی خۆمان نازانین".

ئاماژەی بەوەشكردووەتەوە، بە ‌بەرنامە و پلانی خۆیان لەدەسەڵاتدا بەشدارییان كردووە و ئێستاش بە ئیرادە و بەرنامەی خۆیان ئۆپۆزسیۆنی ئەكەن و سورن لەسەری، جەختی لەوەشكردووەتەوە، "سەربەخۆیی بڕیار و هەڵوێست دروشمی خەباتمانە و باجی زۆریشمان لەو پێناوەدا داوە و ملمان بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ناوچەیی نەداوە ".

یەكگرتووی ئیسلامیی راشیگەیاندووە، "سیاسەت بە نەهجی خۆمان دەكەین و وێڕای رێزمان بۆ لایەن و خەڵكی تر چۆن و چی ئەكات، خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان هەیە و دەستبەرداری نابین، هەروەك رێز لە خاڵە جیاوازیەكانیش دەگرین بە مەرجی ئەوەی كە بەرانبەریش سنوری خۆی بزانێ ".

دووپاتیشیكردووەتەوە، "ئەوەی كە گوایە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و میدیاكەیان دەریانبڕیوە دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمینداری گشتیی و مەسعود بارزانی، هەڵە خوێندنەوەیە لە خۆیان و لە ئێمەش ، هیچكات ئێمە لەیەكگرتوو بە خەیاڵیشماندا نەهاتووە ژێرباری نەهج و سەلیقەی سیاسی كەس بكەوین تاوەكو ئێستا ئەوان لە پلەو پایەی هاوپەیمانی خۆیان مەحروممان بكەن" .

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "ئێمە ئازادین چۆن هەڵسوكەوت و پەیوەندی و سیاسەت دەكەین هەروەك ئەوان و هەموولایەكی تر ئازادن بە مەرجی سنور نەبەزاندن".




PM:02:51:21/01/2019