كاتێك پرسیاریان له جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ئه‌مریكا، كرد: چی ئه‌ڵێی ئه‌گه‌ر ئێستا سه‌رۆك تره‌مپ له‌به‌رده‌متدا بوایه، به‌بێ دودڵی وتی "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی".
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی جۆن كیری پاڵێوراوی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ساڵی 2004 له‌میانی پرسیارێكدا بوو له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی كۆڕبه‌ندی جیهانی دافۆس كه ئه‌مڕۆ 22ی جێنیوه‌ری له سویسرا ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.
سه‌ره‌تا، ئاماده‌بووان كه ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌وره پیاوانی بازرگانی و سه‌ركرده ئه‌كادیمی و حكومییه‌كان بوون، گاڵته‌یان به‌قسه‌كه‌ی كیری هات، به‌ڵام دواتر هه‌موو چه‌پله‌یان بۆ لێدا.
"ده‌بوو سه‌رۆك تره‌مپ ئاماده‌گی هه‌بوایه له كۆڕبه‌نده‌كه‌و وتارێكی تایبه‌تی هه‌بووایه، به‌ڵام به‌هۆی شه‌تداونی حكومه‌ته‌وه كه بووه درێژترین شه‌تداون له‌مێژووی ئه‌مریكا، پاشه‌كشێی له‌هاتنه‌كه‌ی كرد، ئه‌مه رێك پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی خۆیه‌تی كه ده‌ڵێت (ئه‌مریكا یه‌كه‌مینه)" جۆن كیری وه‌های وت.
هه‌روه‌ها وتیشی"هیچ شتێك به جددی وه‌رناگرێت، پێموانییه تره‌مپ توانای گفتوگۆ و تێگه‌یشتنێكی قوڵی هه‌بێت".
تا ئه‌مساته كۆشكی سپی هیچ وه‌ڵامێكی بۆ ئه‌م ره‌خنانه‌ی كیری نه‌بووه، به‌ڵام تره‌مپ به‌توندی ره‌خنه له‌میدیای وڵاته‌كه‌ی گرتووه و ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه لێم تێناگه‌ن و له رێباز و تێڕوانینم بۆ داڤوس نازانن".
لوقمان غه‌فوور