وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن روونکردنەوە لەسەر هێڵی ئینتەرنێت دەدات

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم لەسەر کێشەو گرفتەکانی ئینتەرنێت روونکردنەوە دەدات وباسی دۆخی دوای ریفراندۆم چارەسەری کێشەکان دەکات.
 
دەقی ڕوونكردنەوەكە:
لە ماوەی رابردوودا هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن، كێشە و گرفتی ئینتەرنێت و هەروەها گلەیی هەندێك لە هاووڵاتیانیان لەبارەی گرانی نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت خستەڕوو.
لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە دواداچوونمان بۆ ئەو كەیسە كردوو لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بۆ چەند خاڵێك بكەین كە هۆكاری گرفتەكە بوون:

1- دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق CMC ئەو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری كەرەستە و ئامێری بواری ئینتەرنێتی ئاگاداركردەوە، بە هیچ شێوەیەك نابێت كاڵاكانیان بەو كۆمپانیایانە بفرۆشن كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی مۆڵەتیان لە CMC وەرنەگرتووە و لە حاڵەتی سەرپێچی كردنیان بە 10 ملیۆن دۆلار سزادەدرێن، بۆ نموونە كۆمپانیای (هواوی) هەڵسا بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان بۆ پێدانی ئامێر و كەرەستەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بە كۆمپانیای (فاستلینك) .

2- داخستنی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی 6 مانگ كاریگەری نیگەتیڤی هەبوو لەسەر هاوردەكردنی ئامێر و كەرەستەكان لەلایەن كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتەوە .

3- لە هەندێك شوێن تێكەڵاوی فریكوێنسی دروستدەبێت، بۆ نموونە فریكوێنسی ئامێرەكانی سەربازیی هاوپەیمانان لەگەڵ فریكوینسی زۆربەی كۆمپانیاكان لە هەندێك ناوچەدا، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیان پێوەكراوە و بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە.

4- لە هەندێك مزگەوت ئامێری Gammer دانراوە بۆ بڕین و وەستاندنی تۆڕەكانی پەیوەندی لەناو مزگەتەكاندا تا مۆبایلەكان لەكاربكەون، ئەم ئامێرە كاریگەری لەسەر شوێنەكانی دەوروبەری مزگەوتیش دەبێت، بۆیە لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف كردووە بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیانەوە چارەسەری بكەن و رێگا لە دانانی ئەو ئامێرانە بگیرێت.

5- سەبارەت بە نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ئاماژە بە ئۆفەری هەندێك لە كۆمپانیاكان دەكەین و بەكارهێنەر ئازادە كام ئۆفەر هەڵدەبژێرێت: ئۆفەرەكانی ئینتەرنێت 5000 ، 10000، 15000، 20000، 25000، 39000، 50000، 75000 دینارن.

دوای بەدواداچوونمان بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و كۆمپانیاكانی ئەو بوارە ، ئێستا بەشی هەرە زۆری گرفتەكان چارەسەركراون و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبن بۆ ئەو شوێنانەی هێشتا چارەسەرنەكراون.

ئومێد محەمەد ساڵح – وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
چوارشەممە 30-1-2019



PM:05:12:30/01/2019