هاوپەیمانی نیشتمان ئەنجومەنی سیاسی هەڵدەبژێرن

هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی کە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دروستکراو لە مانگی پێشوودا ناوەکەی گۆڕی و کەسی یەکەمی حیزبەکەی هەڵبژارد، ئەمرۆ ئەنجومەنی سیاسی هەڵدەبژێرێت.
 
د.ئاڤێستا کەمال یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی هاوپەیمانی ڕاگەیاندووە "ئەمڕۆ هەینی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی هاودیدانی سەرجەم دەڤەرەکان، ئەنجومەنی سیاسی هەڵدەبژێرین”.

ناوبراو روونیکردەوە "لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگدان نۆ ئەندام بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی هاوپەیمانی هەڵدەبژێردرێن و ئەنجومەنەکەش لەلایەن سەرۆکی هاوپەیمانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت".

یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانی وتیشی بەم هەنگاوە کۆتایی بە قۆناغی ڕێکخستنەوەی دەڤەرەکانی هاوپەیمانی دێت و تەنها هەندێک پۆست دەمێنێتەوە کە لە داهاتوودا پڕدەکرێنەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی 21 کەس خۆیان کاندید کردووە و لەو ژمارەیەش 9 کەسیان دەردەچن.

ئەنجومەنی سیاسی هاوپەینمانی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دوو ئەرکی سەرەکی خراوەتە سەرشان کە دروستکردنی پەیوەندی ناوخۆیی و دپلۆماسییە لەگەڵ دابینکردنی سەرجاوەی داهات بۆ حزب.

پێشتر هاوپەیمانی لە قۆناغی یەکەمی ڕێکخستنەوەدا دەڤەر و بازنەکانی ڕێکخستەوە و دواتریش لە قۆناغی دووەمدا دامەزراوەکان و ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا و یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانی دەستنیشانکرو ئارام قادر کرا بە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە.



PM:12:36:01/02/2019