فازڵ نەبی: بەغدا نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت

بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەگەر 250 هەزار بەرمیل نەوتیش لەلایەن هەرێمەوە رادەستی بەغدا نەكرێت.

فازڵ نەبی، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی "خەندان"ی راگەیاندووە، لە ماددەی 10ی پڕۆژە یاسای بودجەدا لە بڕگەی ج-دا هاتوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات،  ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نابێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هەیە، جگە لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "حكومەتی عێراق نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەگەر 250 هەزار بەرمیلەكەش لەلایەن هەرێمەوە رادەستنەكرێت".

فازڵ نەبی راشیگەیاند، "پەرلەمانتارە كوردەكان دو دەقیان بۆ پشكی كورد ئامادەكردوە، كە یەكەمیان ئەوەیە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەژماربكەین دەكاتە 522 ملیار دینار، واتا حكومەتی عێراق مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێم ئەگەر هەرێمیش نەوتەكەی رادەست نەكات".

رونیشیكردەوە، ئەو بڕگەیە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرنەدراوە و عەرەبەكان كە زۆرینەن پێی رازی نەبون، لە بەرامبەردا دەقێكی دیكەیان نوسی و پەسەندكرا كە دەڵێت، "حكومەتی عێراق دەبێت پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە موچەشەوە، بەڵام لەبەرامبەر رادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕێت".



PM:02:12:03/02/2019