وەزیری تەندورستی: ژمارەی تووشبوانی شێر پەنجە لە هەرێمدا مەترسیدار نییە

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" ئاستی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسی نییە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 2019.2.4 د. ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" لە ساڵی 2018 لە جیهاندا زیاتر لە 18 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە کە زیاتر لە نۆ ملیۆنیان گیانیان لەدەست داوە، بەپێی زانیارییە جیهانییەکان لە هەر 100 هەزار کەس 200 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە."
 
وەزیری تەندروستی ئەوەشی ئاشکراکرد "ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ستانداردە جیهانییەکانەوەن و لە هەر 100 هەزار کەس، تەنیا 105 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و بەگشتی نزیکەی پێنج هەزار و 680 کەس لە کوردستان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و بە بەراورد بە جیهان و شوێنەکانی دیکە لە کوردستان جێگەی مەترسی نییە".
 
د. رێکەوت حەمە رەشید وتیشی لەبارەی سندووقی شێرپەنجە لە کوردستان وتی: "داهاتەکەی هەروەکوو خۆیەتی و بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپە ئابووریەی لە کوردستان هەبووە نەمانتوانیوە هەندێ کار بکەین، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بەرەو باشی ئەڕوات و ئێمە لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر خەتین و دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمان کردووە و بۆ ساڵی 2019 هەموو ئەو پرۆژانەی کە خستوومانەتە بەرنامەوە کە پەیوەندران بەو سندووقەوە هەموویان ئەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".



PM:01:23:04/02/2019