لەسەر قەرەبووکردنەوەی دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم روونکردنەوە دەدرێت

سەرۆکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونکردنەوەی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە داو دەڵێت" بەغدا مانگانە 522 ملیار دینار بۆ مووچە رەوانەی ھەرێم دەکات و قەرەبووی مانگەکانی دیکەش دەکاتەوە".

ئەحمەد سەفار، سەرۆكی لیژنەی كاتی دارایی و ئابووری  لەئەنجومەنی نوێنەران، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند، دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019 لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، لەڕۆژنامەی وەقایع بڵاودەكرێتەوە و دەخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە و لەڕۆژی 1ی کانونی دووەمی 2019وە كاری پێدەكرێت.

وتیشی "ئەگەر لەمانگی ئازارەوە بەپێی بودجەی 2019 پارە رەوانەی هەرێم بكرێت، پێویستە حكومەتی عیراق قەرەبووی هەردوو مانگی (1 و 2) بكاتەوە و هەرێم چ شایستەیەكی دارایی بەردەكەوێت بەغدا بۆی رەوانە بكات".

روونیشیكردەوە، ئەگەر هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، حكومەتی بەغدا بڕی 10 تریلیۆن و 800 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكات، بەڵام ئەگەر ئەو بڕە نەوتە رادەست نەكات، ئەوا عیراق بڕی چوار تریلیۆن و 343 ملیار دینار لە نۆ تریلیۆن و 783 ملیار دینار دەبڕێت، ئەوەی دەمێنێتەوە پێنج تریلیۆن و 440 ملیار دینارە، كە مانگانە دەكاتە (522) ملیار دینار، لەو بڕەش 454 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە رەوانە دەكرێت.




PM:06:02:05/02/2019