"موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا زیاد کرا"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند بڕی ٦٤٨ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە دەقی نوێی یاسای بودجەی پەسەندکراوی عیراق بۆ ئەمساڵ دیاریکراوە، "ئەگەر ھەرێمیش پابەندنەبێت، بەغدادەینێرێت".

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، " جێبەجێکردنی یاسای بودجە دوو بەشە، بەشێکیان پەیوەستە بەموچەی فەرمانبەران و ڕاناگیرێت، بەگوێرەی بڕگەی (ج) لەمادەی ١٠ یاسای بودجەی عیراق کە موچەی فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگەو خانەنشینانی ھەرێمیشی تێدایە بەھەمانشێوەی فەرمانبەرانی بەسرە یان شارەکانی دیکەی عیراق بەردەوامدەبێت لەخەرجکردنی کە بڕەکەی ٦٤٨ ملیار دینارە".

وتیشی، دوای ئەوەی یاسای بودجە دەنێردرێت بۆ وەقایعی فەرمی و بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر ھیچ تانەیەکی لەسەر نەدرێت، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە .

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، سەرجەم ئەو دۆنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەگەر ھەرێم پابەندنەبێت تەنھا ٥٢٢ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێردرێت و وتی،  ئەمە ڕاست نییە، بەڵکو دەقی نوێی پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندکراو بەمجۆرەیە، ئەگەر ھەرێم پابەندی یاسای بودجەکە نەبێت و نەوتیش ڕادەستنەکات، تەنھا ئەو بڕە پارەیە ڕەوانە ناکرێت، کە بەرامبەرکراوە بەڕادەستکردنی نەوتی ھەرێم بەبەغدا، واتە (١٢.٦٧%) کە دەکاتە ١٠ ترلیۆن و ٨٤٤ ملیار دینار نانێردرێت، ئەگەرنا ٦٤٨ ملیارەکە دەنێردرێت".

 جەمال کۆچەرباسی لەوەشکرد، "ئێستا ١٠ دەرگامان لەبەردەستە بۆ ناردنی موچەو بودجەی هەرێم، ئەگەر دەرگایەک بەھۆی پابەندنەبونی ھەرێم بەیاساو ڕادەستنەکردنی نەوت دابخرێت، نۆ دەرگای دیکەمان لەبەردەمدا دەبێت".

 ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاشکرایکرد، "دەبێت ئەو ٦٤٨ ملیار دینارە گەیشتبێتە دەست ھەرێمی کوردستان، چونکە پەیوەستە بەبڕگەی (ج) کە نابێت ڕابگیرێت لەبەر پەسەندنەکردنی یاسای بودجە یان دواکەوتن، چۆن پارە بۆ بەسرە نێردراوە، بەھەمانشێوە بۆ پارێزگاکانی ھەرێم نێردرابێت، وەزیری داراییش بەرپرسیارە لەوەی ئەو پارەیە بۆ ھەرێم بنێرێت".




PM:09:34:05/02/2019