حكومەتی هەرێم لەسەر كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت بڕیاریدا

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم ڕونكردنەوە لەسەر كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت دەدات، وتەبێژی ئەو وەزارەتەش ڕایدەگەیەنێت "عیراق لەڕێگەی كێبڵەوە ئینتەرنێت دەگەیەنێتە هاوڵاتیان، نرخەكەشی بەڕێژەی لە25% كەمكردۆتەوە، بەڵام ئێمە خاوەنی تۆڕی كێبڵ نیین".

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتەكە ڕایگەیاندوە، " لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەشێك لەمیدیاكان هەواڵی بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێتیان لەعیراق بڵاوكردەوە، گوایە لەهەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە جێبەجێناكرێت".

ئەوەی خستۆتەڕوو "بڕیاری وەزارەتی گەیاندنی عیراق كە تۆڕی كێبڵەكانی Back Bone  دەگرێتەوە موڵكی حكومەتەو هەروەها كێبڵی دەروازە سنوریەكانیش بەهەمانشێوەن و تەنها ئەوانیش بۆیان هەیە وەكو كەرتی گشتی تۆڕی كێبڵیان هەبێت، ئێمە لەهەرێم خاوەنی تۆڕی كێبڵ نین و كەرتی تایبەت كە مۆڵەتپێدراوی وەزارەتمانن بەو كارە هەڵدەستن".

ئومێد محەمەد  ئاشكرایكردوە، "كۆمپانیاكانی ئەم بوارە لەعیراق تۆڕی كێبڵی حكومەت لەبەرامبەر كرێیەكی دیاریكراو بەكاردێنن و لەڕێگەی‌ كێبڵی تایبەتی خۆیان یان بەسیستەمی وایەرلێس خزمەتگوزاریەكانیان دەخەنە بەردەستی بەكاربەران".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە "وەزارەتی گەیاندنی عیراق نرخی كرێی بەكارهێنانی كێبڵی بەڕێژەی لە25%ی‌ بۆ كۆمپانیاكان كەمكردۆتەوە نەك نرخی كارتی ئینتەرنێت بۆ بەكاربەران، هەروەها تێپەڕاندنی باندی خزمەتگوزاری كە كۆمپانیاكان دەیگەیەننە پارێزگاكان كردۆتە دوو بەرامبەری جاران، بەڵام بەهەمان نرخی پێشوو".

ئەوەشی‌ باسكردوە، "ئامانجی بەغدا لەم هەنگاوانە ئەوەیە خێرایی ئینتەرنێت باشبكرێت نەك هێنانە خوارەوەی نرخی بەشداریكردنی بەكاربەران، ئەگەر ئەگەر بەراوردی نرخ و كوالێتیش بكرێت لەنێوان هەردولامان، بەپشتبەستن بەداتاكان لەهەرێم نرخ گونجاوترەو كوالێتی ئینتەرنێت باشترە".



PM:01:14:06/02/2019