ئاسایشی هەولێر ژمارەیەك چالاكوانی دەستگیركرد

ئاسایشی هەولێر هەموو چالاكوانانی بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانی لە هەولێر دەستگیركرد و ڕەوانەی دەرەوەی هەولێری كردنەوە.

ماڵپەڕی "ڕۆژنیوز"ی نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە "ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە هێرشی كردەوە سەر چالاكوانانی بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر و هەموویانیان دەستگیر كرد، كە لە ژنانی ئەنجومەنی عەشتار پێكهاتوون، ئاسایش ئەو ژنانە لە هەولێر دەردەكات".

هەروەها بڵاویكردۆتەوە "لە هێرشەكەی شەوی ڕابردوو هەموو ژنانی چالاكوان دەستگیركران، كە ژمارەیان شەش ژنە و ئەندامانی ئەنجومەنی عەشتارن لە كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و بۆ شكاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، دەستیان بە مانگرتن كردبوو لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر". 

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە "ئێوارەی دوێنێ هێزەكانی ئاسایشی پارتی جارێكی دیكە هێرشیان كردبووەوە سەر چالاكوانان و سۆپا و بەتانییەكانیان لێسەندن، هەروەها پێنج خوێندكاری زانكۆشیان دەستگیر كرد، كە سەردانی چالاكوانانیان كردبوو".

بەشێك لە ژنانی ئەنجومەنی عەشتار، لە كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، لە ڕۆژی ٣٠ی ١ی ٢٠١٩ لەبەردەم بارەگای نەتەوه ‌یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر و دژی گۆشەگیرییەكانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەكەكە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كرد، ئەگەرچی ٢٤ كاتژمێر دوای دەستپێكردنی چالاكییەكە و لە شەوی ٣١ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، هێزەكانی ئاسایشی هەولێر چوونە سەر مانگرتوان و چادرەكەیان لابردن، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە چالاكییەكەیان، تا ئەمشەو جارێكی دیكە ئاسایش هێرشی كردەوە سەریان.

لە دوای ئەو چالاكییەوە ئاسایشی پارتی ئابلوقەیان خستە سەر كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆ ئەوەی كۆتایی بەو چالاكییە بهێنن، چالاكوانان بۆ پشتگیری لەیلا گوڤەن و مانگرتوانی دیكە و بۆ شكاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان دەستیان بە مانگرتن كردبوو.



AM:10:45:07/02/2019