چارەنوسی حەوت پەنابەرە کوردەکەی دەریای ناوەڕاست ئاشکرا دەکرێت

ئەو حەوت کۆچبەرە کوردەی ماوەی چەند رۆژێکە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا لە کەسوکاریان دابڕابوون، گەیشتنەوە تورکیا و سەرجەمیان سەلامەتن.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە تیایدا ئاری جەلال، سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بە رێگای نایاسایی و لە تورکیاوە بە شاحینە روویان لو وڵاتی فەرەنسا کردبوو گەڕێندرانەوە تورکیا و سەلامەتن".

وتیشی، "ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان حەوت کەس بووەو سەرجەمیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن بە ناوەکانی ( هەنگاو محەمەد ئەمین، محەمەد نەوزاد عەلی، بەرهەم مستەفا عەلی، ئاری جەمال قادر، گەیلان ئەنوەر رەشید، مستەفا محەمەد مستەفا و ڤانکۆ جیڤارا موسا)”.

ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو،" لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو حەوت کۆچبەرە کوردە بەشێوەیەکی نایاسایی رێککەوتنیان لەگەڵ قاچاخچییەکان کردووەو، بە شاحینە لە وڵاتی تورکیاوە بەرەو فەرەنسا رۆیشتوون، بەڵام دوای ئاشكرابوونیان دەستگیرکراون و چونەتە وڵاتی ئیتالیا".

سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارەو پەنابەران راشیگەیاند، "دوای هەوڵی دەزگای لوتکە بۆ ئاوارەو پەنابەران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی شوبات، گەیشتونەوە پارێزگای ئەزمیر لە تورکیا و لەئێستاشدا سەرجەمیان لە بنکەی پۆلیسی کەناراوەکانی تورکیان و سەلامەتن".


PM:08:01:10/02/2019