تێچووی فەریزەی حەج بۆ ئەمساڵ ئاشکراکرا

دەستەی باڵای حەج و عومەرەی عێراق تێچوونی فەریزەی حەجی بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاشکراکرد کە بڕەکەی زیاتر لە چوار ملیۆنە بۆ گەشتی ئاسمانی.

حەسەن فەهد کینانی، وتەبێژی دەستەی باڵای حەج و عومەرەی عیراق ڕایگەیاند، دەستەکەیان هەوڵی گەورەی داوە لەپێناو کەمکردنەوەی تێچوونی فەریزەی حەج، بۆ ئەو کەسانەی کە ناویان دەرچووە بۆ حەجی ئەمساڵ.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر حاجییەک بیەوێت لە ڕێگەی ئاسمانییەوە حەج بکات، دەبێت بڕی ٤ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دینار بدات و هەر حاجییەکیش بە ڕێگای وشکانی حەج بکات، دەبێت بڕی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دینار بدات.

ئاشکراشی کردووە، ئەو بڕە پارەیە تەواوی گرێبەستەکانی تایبەت بە نیشتەجێبوون و خواردن و گواستنەوە دەگرێتەوە، کە بەشێکیش لە تێچوونەکان لەلایەن دەستەی حەج و عومرەوە دابینکراوە بۆ حاجییان.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، وادەی وەرگرتنی قیستی دووەم لەو هاوڵاتییانەی کە ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە، لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی حەج و عومرە ئاشکرا دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ڕابردوودا هەر حاجییەکی عێراقی لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانییەوە حەجی کردبێت، بڕی ٤ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، بەڵام لە ڕێگەی وشکانییەوە بڕی ٣ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دیناری لێ وەرگیراوە.



PM:08:32:12/02/2019