مامۆستایانی ناڕازی فۆرمی ئەستۆ پاکی رەتدەکەنەوە

مامۆستایانی ناڕازی لەڕونکردنەوەیەکدا " فۆڕمی ئەستۆپاکی" دەستەی دەستپاکی هەرێم رەتدەکەنەوەو دەڵێن" داوا لەدەستەی دەستپاکی دەکەین لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەم کارە زیادە و لاوەکیانە کار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵیانە بکەن کە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی کردووە".

دەقی روونکردنەوەکە

  مامۆستایانی سەربەرز فەرمانبەرانی بەڕێز دوای بەدواداچون و ڕاگۆڕینەوەمان لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی یاسایی سەبارەت بە فۆڕمی ئەستۆپاکی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەرنجی خۆمان لەم چەند خاڵەدا دەخەینە ڕوو:
 1ـ وەرگرتنی بەڵێنامە لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەو شێوەیە پێچەوانەی حیکمەت و حوکمەکانی مادەی { ۳ و ٥ } یاسای ژمارە { ٤ } ساڵی { ۱۹۹۹ } پەرلەمانی کورستانە { یاسای ناوبراو لە وەقائیعی ڕەسمی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە.
٢ ـ دەستەی دەستپاکی لە بڕگەی سێیەمی مادەی { ۲۷ } ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ساڵی{ ۲۰۱٦} ی تایبەت بەڕەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی هەرێم ئاماژەی بەوە داوە ، گەرهاتوو فەرمانبەر بەبڕی کەمتر لە {100000} سەد هەزار دینار دیاری { بەرتیل } وەربگرێت ئەوا پێویست ناکات ڕونکردنەوە بدات به سەرو خۆی . ئەم بڕگەیە دەرگا بۆ گەندەڵی دەکاتەوە و پێچەوانەی ئاشکرای ئەحکامی مادەی { ۳۰۷ } یاسای سزادانی عێراقی و ئەحکامی مادەی { ٥/یانزەهەم } لەیاسای بەرزفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە { ۱٤ } ساڵی { ۱۹۹۱ } ، هەروەها پێچەوانەی مادەی { ۱۳ } لە پەیڕەوی ژمارە{ ۱ } ی ساڵی { ۲۰۱۱ } ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە.
٣- داواکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەران کە پابەندبن بە حوکم و بنەماڕەوشتیەکانی ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەریەتی کەرتی گشتی کە لە ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ی ساڵی { ۲۰۱٦ } ی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە ، ئەمیش بە پاڵپشت بە مادە { ۳٦ } ی ڕێنماییەکە ، لە کاتێکدا خودی ڕێنماییەکە زیادەیە و تەنها کۆپی هەریەک لە پەیڕەوی ڕێسا و ڕەفتاری پیشەیی فەرمانبەرێتی هەرێم و مادەکانی { ٤ و ٥ } ی ئاسای بەرزەفتکرنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە { ۱٤ } ساڵی { ۱۹۹۱ } ی هەمووار کراوە . 

 ٤ـ دەستەی دەستپاکی چۆن داوای واژوو لەسەر فۆڕمێک دەکات ، لە کاتێکدا ڕێنمایی و پاشکۆی فۆڕمە ناگەیەنێت بەمامۆستایان و فەرمانبەران وە مامۆستایان و فەرمانبەران نازانن ڕێنمایی ژمارە { ۱ } ساڵی { ۲۰۱٦ } چی تیانوسراوە کە داوایان لێ دەکرێت پابەند بن پێوەی . 5 ـ داوا لە ئەنجومەنی دادوەری وەکو بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم دەکەین بەزووترین کات سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم فۆڕمە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بخەنەڕوو . 
لە کۆتاییدا داوا لەدەستەی دەستپاکی دەکەین لە جیاتی پەنابردن بۆ ئەم کارە زیادە و لاوەکیانە کار لەسەر ئەو سەدان دۆسیەی گەندەڵیانە بکەن کە هەرێمیان تووشی قەیرانی دارایی و نەهامەتی کردووە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی ، هەولێر ، کەرکوک هەڵەبجە ، ڕاپەڕین و گەرمیان ، کۆیە ، چەمچەماڵ ، سیدسادق ، تەکییە ،شارەزوور 19/2/2019



PM:06:33:19/02/2019