حکومەتی سوریا پێدانی خۆبەڕێوەبەرى بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەتکردەوە

بوسەینە شەعبان ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بە توندی بیرۆکەی پێدانی خۆبەڕێوەبەرى بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەتکردەوە .

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکى سوریا لەناوەندی کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند" خۆبەڕێوەبەرى واتە دابەشبوونی سوریا و هیچ ڕێگەیەکمان بۆ دابەشکردنی وڵات نیە".

وتیشی، "سوریا وڵاتێکە هەموو خەڵک و سیاسییەکان لەبەردەم یاسا و دەستوورەکەیدا لە خۆدەگرێت" هاوکات کوردانى ڕۆژئاواى کوردستانیشی بە بەشێکی گرنگی گەلی سوریا ناوبرد.

ئەو لێدوانەى ڕاوێژکارى ڕاگەیاندنى بەشار ئەسەد لە کاتێکدایە پێشتر هێزە کوردییەکانی سوریا نەخشەڕێگایەکیان پێشکەش بە لایەنی ڕووسی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، دیارترینیان دانپێدانانی دیمەشقە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە.

پێشتریش فەرماندەی گشتی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) ڕایگەیاندبوو، حکومەتى سوریا کاردانەوەى ئەرێنى بووە بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.



AM:09:42:20/02/2019