نەجمەدین كەریم: تائێستاش پارێزگاری شەرعی كەركوكم

نەجمەدین كەریم ڕەخنەی توند لە یەكێتی دەگرێت و ڕایگەیاندووە،" سوربوونی یەكێتی لەسەر پارێزگاری كەركوك بۆ داپۆشینی خیانەتە چەپەڵەكەیان و هاوبەش پەیداكردنە".

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك و ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، "دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لەم كاتەدا یەكێتی بێت یا پارتی هیچ لە دۆخی كەركوك و مەوزوعەكە ناگۆڕێت تەنها پینەوپەڕۆیە بۆ كاری چەند كەسێك لە١٦ی ئۆكتۆبەر ئەوانەی كەركوكیان بەو ڕۆژە گەیاند ئەمڕۆ فرمێسكی تیمساحی بۆ دەڕێژن".

نەجمەدین كەریم  دەڵێت "بە ‌بۆچوونی من سوربوونی  برادەرانی یەكێتی لەم كاتەدا لەسەر ئەوەی كە پارێزگارێكی كوردی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت وەك مەرجی بەشداری كردن لەحكومەت و پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان، بۆ داپۆشینی ئەو كارە چەپەڵەیانە كەهەموو میللەتی كوردستان مەحكومی كردووە بە كاری خیانەت لە قەڵەمی داوە".

 ڕاشیگەیاندووە "پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ وەك گەورەترین حیزب بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، بە بۆچوونی من ئێستا دەبێت پارتی پێداگری بكات كە ئەوانەی بەشداری ١٦ی ئۆكتۆبەریان كردووە بەشداری حكومەت نەكەن، چونكە بەیانی هەمان كار دەكەنەوە بەبێ ئەوەی بەخەیاڵیاندا بێت ".

دەربارەی ئەوەی ئایا پارتی پێشنیاری پۆستی حیزبی یا حكومی بۆ كردووە، نەجمەدین كەریم بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، " حەزدەكەم یەك شت بڵێم، من هیچ تەحەفوزێكم  نیە پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكە خەباتی كردووە، خۆم لەڕیزەكانی ئەو حیزبە لە حەفتاكاندا كارم كردووە، و هەموو كوردستان و جەنابی مام جەلال و ئەوەی پێی دەوترا باڵی مەكتەبی سیاسی و منیش لەژێر قیادەی ئەو حیزبە كارمان كردووە و پێشمەرگە بوین، و‌ حەزدەكەم ئەوەش بڵێم كە لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەگەر سەركردایەتی كورد بەتایبەت كاك مەسعود بارزانی نەبوایە ئەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بەرەو هەولێر دەچوون سنوریان لەگەڵ توركیا دادەخست".

نەجمەدین كەریم لەبارەی پۆستەكەیەوە دەڵێت، "تائێستاش من پارێزگاری شەرعی كەركوكم".




PM:12:36:25/02/2019