یەکێتیی بەفەرمی وەڵامی پارتی دەداتەوە

یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەفەرمی و لەڕێگەی ووتەبێژەکەیانەوە وەڵامی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "ھەرکات تەشریف دێنن بۆ کۆبونەوە بەخێربێن".

سەبارەت بەکۆبونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی ڕەسمی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لێدوانێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتوە "کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەنامەکەیدا بۆ کاک کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، جگە لەچەند باس و پرسێکی دیکە کە تێیدا نوسرابوو، لەبەشێکی نامەکەدا بەڕێزیان داوایکردبوو ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و پارتی کۆببنەوە".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "لەوەڵامیشدا بەڕێز کۆسرەت ئامادەیی یەکێتیی دەربڕیبوو بۆ کۆبونەوەو ڕایگەیاندبوو، ھەرکات بەڕێزیان پێی باشە ئەوا یەکێتیی ئامادەیە بۆ کۆبونەوەو پێشوازیان لێدەکات".

لەتیف شێخ عومەر ئاشکراشیکردوە، "لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگاداریان کردوینەتەوە تا لەڕۆژانی داھاتودا کۆبونەوەکە ئەنجامبدرێ، یەکێتیش ڕایدەگەیەنێت ھەرکات تەشریف دێنن بەخێربێن".

ئەو لێدوانەی ووتەبێێژی یەکێتی لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە د. رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە دوای بەشداریکردنی لە کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەت بە چەک و تەقەمەنییەکانی داعش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "ئێمە چەند جارێک چووینەتە سلێمانی بۆ لای برادەرانی یەکێتی، بۆ لای برادەرانی گۆڕان و حیزبەکانی دیکە، ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەوانیش بێن و سەرێکمان لێبدەن؟".


PM:05:14:27/02/2019