شەڕی مفەوەز شەماڵ گوازرایەوە بۆ دکتۆر کازم‌و لاهور جەنگی

ئەمڕۆ ٦ ئازار لەوەڵامی هێرشێکی لاهوری شێخ جەنگی بۆسەر شاسوار عەبدولواحید، د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هێرشدەکاتە سەر ناوبراو.

د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بەناوی پەیامێکەوە بۆ " جەماعەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و لاهور"،  ڕایگەیاند، "لەمەودوا بۆ هەموو سندانێک قوزەڵقوردەکەمان حازرە. نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید هەرگیز بێزی نەهاتووە ناوی ئێوە بێنێت، چونکە نەوەی نوێ قەت ناوی خەڵکانی بێ بەها و خەڵکانی خاکفرۆش ناهێنن".

ناوبراو ئەوەشی وتووە، "داهاتووی ئێوە هەڵواسینە وەک مفەوەز شەماڵ و ئەم جنێودان و وتی وتی و زیندانی یەک رۆژ، خۆی لە خۆیدا ترسنۆکی و بێ دەسەڵاتی ئێوە دەردەخات".

کازم فاروق  لە کۆتایی پەیامەکەیدا نوسیویەتی، "دڵنیاتان دەکەینەوە کە مەرگتان نزیک بۆتەوە و رۆژێک دێت وەک مفەوەز شەماڵ لە بەردەرگی سەرای سلێمانی هەڵتان دەواسن".

 ئەمڕۆلاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکیدا لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند " ئەو لەسەر ئازادی بیڕورا دەستگیرنەکراوەو بێ ئەخلاقی بەرامبەر کارمەندیک کردووە بۆیە دەستگیرکراوە".

هەفتەی پێشوو لەسەر مەفەوەز شەماڵی پیاوی ئەمنی رژێمی پێشوو شاسوار عەبدولواحید و قوباد تاڵەبانی سەرێک بەیەکدا هاتن، ئەمرۆ ئەو شەڕە میدیایە گواسترایەوە بۆ لاهور جەنگی و د. کازم.

 



PM:11:50:06/03/2019