حاكم شێخ لەتیف: هاوڵاتیان خەون بە ڕاپەڕینێكی ترەوە دەبینن

لەتیف شێخ موستەفا رایگەیاند، زۆرینەی خەڵك لە ئیستادا و لە یادی ڕاپەڕیندا  نەك هەر خۆشحاڵ نین، بەڵكو خەون بە راپەڕینێكی تر بەسەر راپەڕیندا دەبینن.

لەتیف شێخ موستەفا، پسپۆری یاسایی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، زۆرینەی خەڵك لە ئیستادا و لە یادی ڕاپەڕیندا نەك هەر خۆشحاڵ نین و بەپەرۆش نین بۆ ناسینی ئەندازیارەكەی، تەنانەت خەونی جددیش دەبینن بە ڕاپەڕینێكی ترەوە بەسەر ڕاپەڕیندا.

دەربارەی خاوەندارێتی و ئەندازیاری راپەڕینیش دەڵێت، ئەوانەی خۆیان بەدڵسۆزی نەوشیروان موستەفا دەزانن دەیانەوێت بەبەڵگەوە بیسەلمێنن كە ئەو ئەندازیاری ڕاپەڕینە، نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری ڕاپەڕیینیش بێت، دەرەنجامی ئەم ڕاپەڕینەی ناوێت، ئەگەر لە ژیاندا بوایە خۆی لە مێژوو و میراتی خۆی لە ڕاپەڕین بێبەریی دەكرد.

لەتیف شێخ موستەفا ئاماژەی بەوەش داوە، نەوشیروان موستەفا خۆی وتویەتی، "من نیو سەدە لە تەمەنی خۆم بۆ ئەوە بەفیڕۆ نەداوە تا دەسەڵاتدارێكی نادادپەروەر و زاڵمی عەرەب بە یەكێكی تری كورد بگۆڕمەوە، بۆیە بڕیارمدا كارەكە تەواو بكەم و لە نیوەیدا بەجێی نەهێڵم، ئەم بزوتنەوەیەشم هەر بۆ ئەوە دروست كردوە، نەك بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست".



PM:01:38:07/03/2019