كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق ئاشكراكرا

سمكۆ ئەسعەد، راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیێنێت تاكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد و دەڵێت "هیوادارم لایەنە كوردستانییەكان پەسەندم بكەن و پێش لایەنە عێراقییەكان دەنگم پێبدەن".

سمكۆ ئەسعەد، بە "رووداو"ی راگەیاندووە "لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێكارەكانی گرتووەتەبەر بۆ كاندیدكردنم بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق و چاوەڕێی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەم ناوەكەم پێشكەشی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنم".

راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "هیوادارم، پێش ئەوەی متمانەی لایەنە عێراقییەكان بەدەستبهێنم، متمانەی لایەنە كوردستانییەكان بەدەستبهێنم  و دەنگم پێبدەن".

سمكۆ ئەسعەد، روونیكردەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی وەزیری داد بۆ یەكێتی بێت، "منیش تاكە كاندیدی یەكێتم بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد".

سمكۆ ئەسعەد، لەساڵی 1969ـە لە سلێمانی لەدایكبووە، بەكالۆریۆسی لەبواری یاسا هەیە لە زانكۆی سلێمانی 2002-2003، لە وڵاتی ئیمارات ماستەری لەبواری یاسا بەدەستهێناوە لە ساڵی 2015 و لە ئێستادا راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.



PM:03:21:07/03/2019