یەکێتی: پەیوەندیەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بەردەوامە

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان رێککەوتنە " مەبدەئیەکەیان " لەگەڵ پارتی کردووەو پەیوەندیش لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەردەوامە.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێک تایبەت بە ( سپی ) رایگەیاند" پارتی  و یەکێتی رێککەوتنە مەبدەئیەکەیان کردووەو لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانیش پەیوەندی بەردەوام لەنێوان هەردوولادا هەیە"، ئەو بەدووری نەزانی کە لە گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان جارێکی تر هەردوولا کۆببنەوە.

وتەبێژی یەکێتی کە ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەشیەتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان لە " دانوستاندان " لەگەڵ پارتی و بەردەوام دەبن تا ئەو پۆستانەی کە دەبنە پشکی یەکێتی بەتەواوی یەکلایی بکرێتەوە.

لەتیف شێخ عومەر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی، بەدووریشی زانی لەم دوو رۆژەدا کۆبوونەوە سازبکرێت، هۆکەشی گەڕاندەوە بۆ پرسەی پێشمەرگەو فەرماندەی دێرینی یەکێتی سەلاح چاوشین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.

رۆژی ٤ ی ئازار لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەهەولێر، پارتی و یەکێتی واژووی رێککەوتنی نوێی نێوانیان لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کێشەکانی کەرکوک و بەغدا کرد. لە ئێستادا پەرلەمان کۆبوونەوەکانی راگرتووە تا یەکێتی نیشتمانی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان دەکات.

وا بڕیاربوو سەرکردایەتی یەکێتی رۆژی هەینی ٨ ی ئازار لە سلێمانی لەسەر پرسی پۆستەکان کۆبێتەوە، بەلآم ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام نەدراو تا ئێستا ئەو حیزبە روونکردنەوەیەکی کۆنکرێتی لەو بارەیەوە بلآونەکردۆتەوە.  





AM:11:09:09/03/2019