پارتی: کات بۆ پێکهێنانی حکومەت تێپەڕیووە

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە کات درەنگی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەڵێت" کات بۆ پێکهێنانی حکومەت تێپەڕێووە"و داواش لە یەکێتی دەکات خۆیان ساغ بکەنەوە.
 
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ”چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان ساخ بکەنەوە. چونکە لە گفتوگۆکانمان ئەوە بوو کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواو بکرێت و ئەوان کاندیدی خۆیان دیاری بکەن. دواتر کارە پێویستەکان بۆ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئێستا پەرلەمان لەبەردەمیەتی کە لێژنەکانی خۆی دابمەزرێنێت. پێویستە ئەندامانی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان بەشداری بکەن. پاشان بۆ تەسمیەکردنی سەرۆکی کابینەی داهاتووی حکوومەت و دواتر ڕاسپاردنی کار بکرێت". دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵ دەدەن لەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە، هەرچەندە ”بڕیار بوو کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و دواتر ئاگادارمان بکەنەوە، وابزانم هێشتا کۆنەبوونەتەوە، کات زۆر تێپەڕیوە و کات تێپەڕینیش بە زیانی پرۆسەکەیە".

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی، ڕایگەیاند" ”بۆ بابەتی بەغدا، هەوڵێکی جددی هەیە کە دۆخەکە ڕێک بخرێتەوە و ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت بۆ ئەو بابەتە، ئەمە بەشێک بووە لەو گفتوگۆیانەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کۆسرەت ڕەسووڵ کردوویەتی، هەروەها بابەتی کەرکووکیش باس کراوە و دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتن لەسەریان".
 
ئەوەشی نەشاردەوە کە بابەتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لە دووەم یان سێیەمین کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتیدا باس کراوە و ”چاوەڕێی ئەوانین و بە کاتی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردراوە. ئەوان بڕیار دەدەن و لەم چەند ڕۆژەدا خۆیان یەکلا دەکەنەوە".
 
لەبارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکوومەت، مەحموود محەمەد وتی: ”کاتێک لەگەڵ کۆمەڵ کۆبووینەوە، ڕەغبەتی ئەوەمان نیشان دا کە بەشدار بن لە کابینەی حکوومەتدا، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە"



PM:12:58:10/03/2019