نەوەی نوێ: بەناوی پەرلەمانەوە کودەتا بەسەر ئۆپۆزسیۆندا کرا

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا بەناوی پەرلەمانی کورستانەوە کودەتا بەسەر فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆندا کرا.

كازم فاروق، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەڕلەمانى کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "ئەوەى لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمان ڕویدا کودەتا بوو لەسەر یاسا و پڕۆسەى دیموکراسى و پەرلەمانى کوردستان.

ڕاشیگەیاند، "بەمەبەست گەورەترین فراکسیۆنى ئۆپۆزسیۆن بێبەشکرا لە لیژنەکانى دارایی و سامانە سروشتییەکان، ئەو بێبەشکردنەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بێبەشکردنی خەڵکە لە زانینى قوت و داهات و شەفافیەتى نەوت".

سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەى کرا لە پەرلەمان بۆ ئەوەبوو نەتوانرێت چاودێرى نەوت و داهات و موچە بکرێت، بۆیە ئەمڕۆ بەرگریمان کرد و داوامان لە دەستەى سەرۆکایەتى کرد بێلایەنى خۆیان بپارێزن بەڵام نەکرا".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەماندا پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلکراوە.

وتیشی، بۆیە
 ڕێگە نادرێت ئەنداممان لە لیژنەی داراییدا هەبێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی وەزارەتی دارایی نەکەین.

لە بەرامبەر رەخنەکانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ناو هۆڵی پەرلەمان پشێوی دروستبوو دواتر سەرۆکی پەرلەمان فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، فراکسیۆنى نەوەى نوێ هەر هەڵوێستێکى دیکەى هەبێت دەبێت بەزۆر هۆڵى پەرلەمان جێبهێڵن.
 


PM:01:07:12/03/2019