چۆنێتی دزینی موچەکەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئاشکرادەکرێت

نیوەڕۆی ئەمڕۆ زیاتر له‌ ملیارێك دیناری مووچه‌ی كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی شار دزرا و "سپی" زانیاری زیاتر لەسەر روداوەکە ئاشکرا دەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی ئەمنی سلێمانیەوە دەست "سپی" کەوتووە ئەمڕۆ چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەی شار بە مینی پاسێکی سەر بە تەندروستی مووچەکەیان دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەکەیان بۆ دابەشکردنی بەسەر کارمەندەکاندا.

سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکراکرد کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاتڕۆڵی جام ڕەش لە نزیک کەباب وەلی بە زۆر و هەڕەشە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکەی لەو ئۆتۆمبێلە دابەزاندووە و پارەکەیان ڕفاندووە و سەیارەکەشیان جێهێشتووە.

سەبارەت بە بڕی پارەکە ئەو سەرچاوەیە ڕەتیکردەوە کە یەک ملیار دینار بێت وەک بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە و وتی "بڕی یەک ملیار و هەشت سەد ملیۆن دیناری ئەو مووچەخۆرانە دزراوە".

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی روداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و تەنها ئەوە ئاشکراکراوە کە مەفرەزەکانیان لە ناو شار و سەرجەم شار و شارۆچکەکان بڵاوکراونەتەوە و بەدوای تۆمەتباراندا دەگەڕێن


PM:04:05:12/03/2019