پارە دزراوەکە گەیشتەوە نەخۆشخانەی شار

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ئازار پارە دزراوەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار وبڕیارە هەر ئەمڕۆ بەسەر کارمەنداندا دابەشدەکرێت.

سەباح هەورامی بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەکە رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا پارە دزراوەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و، ئەمڕۆش پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە موچەکانیان وەردەگرن. 

وتیشی، "ژمارەیەک لە کارمەندانەکانمان براون بۆ لێکۆڵینەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەستخۆشی لە پۆلیس و ئاسایش کرد، کە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا پارەکەیان بۆ بگێڕنەوە.

دوێنێ سێشەممە زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دیناری موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراو، دوای 12کاتژمێر سەرجەم ئەنجامانی باندە دزییەکەی سلێمانی دەستگیرکران کە حەوت کەسن و خەڵکی سلێمانینو  سەرجەم پارەکەش دەستی بەسەردا گیرایەوە.



PM:12:01:13/03/2019