سکرتێری گۆڕان: بڕیار لەسەر چۆنێتی دەستنیشانکردنی پۆستەکانی حکومەت دەدەین

سکرتێری گشتی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان شێوازی بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەت‌و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان و  دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستانە تاوتوێ بکات، گۆڕان ئەو هەنگاوە قورسە دەنێت کە بۆ هێزەکانی سلێمانی بۆتە کێشە لەنێو خۆیاندا.
 
جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی "زەمەن"ی نزیک گۆڕانی رایگەیاندووە"بڕیارە سبەینێ یەكشەممە هەردوو جڤاتی گشتی ‌و نیشتیمانی كۆببنەوە ‌و كۆبونەوەكەش تایبەت دەبێت بە هەنگاوەكانی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان".

سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، جڤاتی گشتی پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە كۆببێتەوە‌.
 
لەبارەی چۆنیەتی دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانیش ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان رونیکردەوە، لە كۆبونەوەی جڤاتدا میكانزیمی دانانی پێوەرەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان ‌و وەرگرتنی كاندیدەكان یەكلایی دەكرێنەوە.
 
 بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان ١٨ ی شوبات لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتنیان واژۆکرد، تا ئێستا گۆڕان کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستانە دیاری نەکردووە.



PM:10:15:16/03/2019