یەكگرتوو بایكۆتی ڕاگەیاند

فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی بایكۆت كرد و و ئەو پشكانەش ڕەتدەكەنەوە كە بۆیان دانراوە.

د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هۆكاری بەشداینەكردنی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئاشكراكرد و ڕایگەیاند "بەهۆی ئەو زنجیرە پێشێلكارییانەی لەسەرەتای دەستبەكاربونی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە هەتاوەكو ئەمڕۆ كراوە ئێمە بەشداریمان نەكرد".

وتیشی "هەروەها بەهۆی ئەو دوفاقیەی لەبەكارهێنانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كراوە، بۆ نمونە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان لە 6ی 11ی‌ 2018 بەپەیڕەوی كۆن كاركرا، بەڵام لەهەڵبژاردنی لیژنەكاندا بەپەیڕەوی نوێ كاركرا، ئەم هەڵسوكەتانە بەڕونی دەریدەخات بۆ دورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام زیانەكانی بۆ یەكگرتوو نییە، بەڵكو بۆ دیموكراسیەت و  لەكەداركردنی پەرلەمانی كوردستانە".

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكگرتوو ئاماژەی‌ بەوەشكرد، بڕیاریانداوە ئەو پشكانەی بۆ فراكسیۆنی یەكگرتوو دانراوە لەسەرۆكایەتی لیژنە هەمیشەییەكان ڕەتبكەنەوە و بەشدارنەبن لەسەرۆكایەتی هیچ لیژنەیەكی پەرلەماندا و وتیشی "بەگوێرەی‌ ئیستیحقاقی خۆمان، دەبوو سەرۆكایەتی لیژنەیەك  و جێگری سەرۆكی لیژنەیەك و بڕیاردەری لیژنەیەكمان بەربكەوێت، دوای ئەوەش داوای سەرۆكایەتی لیژنەی نەزاهەمان دەكرد كە لەهەموو دونیادا مافی ئۆپۆزسیۆنە".



PM:01:42:17/03/2019