کۆڕەک تیلیکۆم بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە ستەمکارانە ناودەبات

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیەندراوێکی لەبارەی سزادانی کۆمپانیاکەیان لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە بڵاوکردەوە و بڕیارەکە ''بە نادادپەروەرانە و زاڵمانە'' ناودەبات. 

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمدا هاتووە "بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق زاڵمانە و نادادپەروەرانەیە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراقدا نییە، بەڵکو ئەم دەستەیە ویستوویەتی سزای هاووڵاتیان بدات و بێبەشیان بکات لەم خزمەتگوزارییە و زەرەر بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیێنێت، لەبری ئەوەی بیر لە چارەسەری دیکەی بە کەڵک بکاتەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ و راگۆڕینەوە دابنیشێ، بەرژەوەندی هاووڵاتیانی بن پێ کردووە و ناوبانگی کۆمپانیاکەمانی ناشرین کردووە". 

کۆڕەک تیلیکۆم داوا لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەکات ''لەم بڕیارەیان پاشگەز ببنەوە و فەرمان بکەن بە دووبارە بەستانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراق''.



PM:06:56:24/03/2019